دیمانه‌ی رۆژنامه‌ی رۆژنامه له گه‌ڵ به‌رێز عه‌لی قازی محه‌مه‌د سه‌رۆکی PAK

من له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م که کورد ده‌بێ فیدڕاڵییه‌تی ته‌نیا وه‌ک قۆناغێک بۆ گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی له به‌ر جا‌و بێت. دیمانه‌ی رۆژنامه‌ی رۆژنامه له گه‌ڵ به‌ڕێز عه‌لی قازی محه‌مه‌د سه‌رۆکی پارتی ئازادیی کوردستان سه‌باره‌ت به کۆماری کوردستان و پارتی ئازادیی کوردستان که له دوای رووخانی کۆماری کوردستان داهێنه‌ری بیرۆکه‌ی دامه‌زراندنه‌وه‌ی کۆماری کوردستانه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
به‌شی یه‌که‌م ...... به‌شی دووهه‌م.......
ده‌قی دیمانه‌که به فایلی WORD
رۆژنامه: ناره‌زاییه‌كتان هه‌یه له‌وه‌ی ناوی كۆماری كوردستان به كۆماری مه‌هاباد ده‌برێت، ئه‌م ناره‌زاییه‌ی ئێوه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه.؟
عه‌لی قازی محه‌مه‌د : ئه‌گه‌ر ته‌ماشای مێژووی كوردستان بكه‌ین، ئه‌وا شتێك به‌نێو "كۆماری مه‌هاباد" بوونی نییه. له‌و كاته‌ی كۆماری كوردستان هه‌بوو له‌سه‌ر سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان نوسرابوو كۆماری كوردستان، چه‌مكی (كۆماری مه‌هاباد) له‌لایه‌ن (ویلیه‌م ئیگلتن)كه دیپلۆماتێكی ئه‌مریكایی بوو و له كونسوڵگه‌ری ئه‌مریكا له ته‌وروێز كاری ده‌كرد هاته كایه‌وه. ئه‌و یه‌كه‌م كه‌س بوو كه مێژووی كۆماری كوردستانی نوسییه‌وه، ئه‌و له كتێبه‌كه‌ی خۆیدا ده‌ڵێت "كۆماری كوردستان له مه‌هاباد"، ئیدی ئه‌و خه‌ڵكه كه ئه‌وه‌یان بیستووه ده‌ڵێن کۆماری مه‌هاباد، ئه‌گه‌ر نا بۆخۆی كۆماری كوردستانه و ده‌قیقتریش" جمهووری کوردستان" بووه. كۆماری مه‌هاباد چه‌مكێكی هه‌ڵه‌یه. چونكه ئه‌وه بچوكردنه‌وه‌ی كۆماره‌كه‌یه. جا که‌سانێک که ئه‌م چه‌مکه به‌کار ده‌به‌ن یان ئه‌وه‌تا سه‌رنجی جیاوازیی نێوان ئه‌م دوو چه‌مکه ناده‌ن، یان به قه‌ستی بۆ پچوک کردنه‌وه‌ی کۆمار به‌کاری دێنن.
رۆژنامه: ئه‌و حیزبانه‌ی درێژه پێده‌ری په‌یڕه‌و و مه‌بده‌ئی كۆمار بوون ئێستا زیاتر له خه‌می كوردستانی گه‌وره نیین ئه‌وه‌نده‌ی كار بۆ رۆژهه‌لاَتی كوردستان ده‌كه‌ن، ئایا ئه‌مه لادان نییه له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كانی كۆماری كوردستان.؟
عه‌لی قازی محه‌مه‌د : كۆماری كوردستان ده‌یه‌ویست له‌هه‌ر چوار پارچه ئازادی هه‌بێت، هه‌روه‌ها كورده‌كانی دیكه‌ی پارچه‌كانی دیكه‌ی نێو كۆماره‌كه نیشانده‌ری ئه‌وه‌بوو كه كۆماری هه‌موان بوو، ده‌وڵه‌تی كورده‌كانی باشور و باكور و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی سوریاشی له‌خۆگرتبوو، ته‌نانه‌ت ئه‌رمه‌نیه‌ك شۆفێری قازی موحه‌مه‌دبوو، كورده‌كانی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت هاتن و ئیداره‌ی مه‌سه‌له هونه‌ره‌كییه‌كانی كۆماریان ده‌كرد، له باشوری كوردستانه‌وه خه‌ڵكێكی زۆر خۆیان ئاماده‌كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی بێنه كۆماره‌كه، یه‌كێك له دیارترین كه‌سه‌كانی كۆماره‌كه‌ش خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فای بارزانی بوو که له کۆمار پله‌ی ژێێڕاڵی درایه. واته ده‌توانینن بڵێین كۆماری كوردستان كۆمارێك نه‌بوو به‌ته‌نها بۆ رۆژهه‌لاَت، به‌ڵكو بۆ هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی كوردستان بوو به‌ڵام چه‌ق و گوڕه‌پانه‌که‌ی روژهه‌لاتی کوردستان بوو.
ئێمه وه‌ک پارتی ئازادیی کوردستان خۆ به حیزبێکی کوردستانیی ده‌زانیین. کوردستان‌مان لا یه‌ک وڵات و کوردبه یه‌ک نه‌ته‌وه ده‌زانیین که دابه‌ش و داگیر کراوه. بۆ ئێمه فه‌رق ناکا که کوردی کام پارچه‌ی کوردستان رزگار ببێت وله خزمه‌ت ئازادیی کام پارچه‌دا بین. ئێمه له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ین که ئازادیی کوردستان له هه‌ر کوێوه ده‌ستی پێکردبێت ئه‌وه سه‌ره‌تای ئازادیی هه‌موو کوردستانه و له عه‌ینی کاتیش‌دا پێمان وایه تا هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان و کورد رزگار نه‌بن،نا‌توانیین بڵێن کورد و کوردستان ئازده. به‌ڵام هه‌ر له‌و کاته‌شدا ئێمه له گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک واقعیه‌ت ته‌ره‌فیین که وای لێکردووین کورد و خه‌باتگێڕانی هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان خه‌باتی راسته‌وخۆیان بۆ ئازادیی ئه‌و پارچه‌یه بێت. ئه‌مه کارێکی خراپ نییه و له گه‌ڵ واقعه‌یه‌ته‌کاندا ده‌گونجێ. کاره‌که کاتێ خراپ ده‌بێ که هه‌ر پارچه‌یه‌ک و خه‌باتگێرانی هه‌ر پارچه‌یه‌ک ته‌نیا ئه‌و پارچه‌یان پێ کوردستان بێ و ئیتر خه‌می نه‌ته‌وه بنده‌سته‌که‌یان له پارچه‌کانیتری کوردستان نه‌بێت. یان به پێچه‌وانه‌شه‌وه هی پارچه‌کانیتر ئازادیی ئه‌و پارچه‌یه به هی خۆیان دانه‌نێین. ده‌کرێ باوه‌ڕی PAK به‌مجۆره فۆرمۆله بکه‌م: کوردستانی بیر ده‌که‌ینه‌وه، پارچه‌یی عه‌مه‌ل ده‌که‌ین. به‌ڵام بنه‌مای فکریی ئێمه به ده‌وڵه‌تبوون و یه‌کگرتنه‌وه‌ی کوردستانه.
رۆژنامه: گله‌ییتان له حكومه‌تی هه‌رێم كردووه له‌وه‌ی وه‌كو پێویست رێز له یادی دامه‌رزاندنی كۆماری كوردستان و له‌سێداره‌دانی پێشه‌وا قازی موحه‌مه‌د ناگرێت، به‌ڕای ئێوه بۆچی رێزی پێویست له‌و یادانه ناگیرێت.؟
عه‌لی قازی محه‌مه‌د : هه‌ڵبه‌ته هه‌موو ساڵێ وا نه‌بووه‌هێندێ ساڵ بۆنه‌کانی دامه‌زرانی کوماری کوردستان و پاشان شه‌هید بوونی پێشه‌وا ڕیزیان لێگیراوه و باشترین مه‌راسم و فستیڤاڵیان له هه‌ولێر یان سلیمانی بۆ رێکخراوه.به‌ڵام ئێمه گله‌ییمان له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه كه به‌و شێوه‌ی كه پێویسته رێز له كۆماری كوردستان ناگرێت و كاری بۆ ناكات. ده‌بوو (2)ی رێبه‌ندان كه دامه‌زراندنی كۆماره‌كه‌یه وه‌كو پشویه‌كی گشتی بێت له كوردستان، چونكه له‌و رۆژه‌دا كورد بوو به ده‌وڵه‌ت و یه‌كه‌مین كۆمار له مێژووی كوردستاندا دامه‌رزا، به‌لاَم به‌داخه‌وه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌ر خاتری ئه‌وه‌ی ئێران نارازی نه‌بێـ به‌و جۆره‌ی پێویسته هه‌ڵناستێت به رێزگرتن له كۆماری كوردستان، ده‌نا ده‌بوو(2)ی رێبه‌ندان وه‌كو رۆژێكی نه‌ته‌وه‌یی و میللی بناسرێت و له‌هه‌موو شاره‌كانی باشوری كوردستان په‌یكه‌ری پێشه‌وا هه‌بایه و ناوی زانكۆ و شه‌قام و گۆرَه‌پانه‌كان به‌نێوی ئه‌و بایه و(31)ی مارس كه رۆژی شه‌هیدكردنی پێشه‌وایه به بڕیاری په‌رله‌مان بكرێته رۆژه‌ی شه‌هیدانی كوردستان. كاتی خۆی كۆماری كوردستان، له ده‌وڵه‌تی عێراق كه ئه‌و كات به‌هێزبوو و ده‌وڵه‌تی بریتانیاشی له پشت بوو نه‌ترسا وبارزانی كرد به ژه‌نڕاڵ و ئه‌و هه‌موو ئه‌فسه‌رانه‌ی که له سوپای عێراقه‌وه هه‌ڵهاتبوون و هاتبوونه نێو كۆماره‌كه هه‌موو پله‌ی ئه‌فسه‌ریان وه‌گرت. کۆمار ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بوو كه ئینگلیز پێی ناخۆش ده‌بێت كه مه‌لا مسته‌فا یان ئه‌فسه‌ره‌كانی دیكه بێنه نێو كۆماری كوردستانه‌وه. له راستیدا كۆماری كوردستان هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه نییه، چونكه كۆماری كوردستان (63) ساڵ به‌ر له ئێستا و له (1946) دامه‌زراوه، كۆماری ئیسلامی ئێران 30 ساڵی ته‌مه‌نه. كۆماری كوردستان له سه‌رده‌می شا بوو. ئێمه ده‌رکی بارودۆخی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ین و ناخوازیین که پێوه‌ندیی حکومه‌تی کوردستان له گه‌ڵ ئێران و هیچ دراوسێیه‌کی دا ئاڵۆز بێت. به‌ڵام له‌و باوه‌ڕه‌داین که بۆ بڕێک شتی خۆمان،شتی نه‌ته‌وه‌یی، نابێ بکه‌وینه به‌ر کاریگه‌ریی فشاره‌کانیان.
رۆژنامه: یه‌كێك له به‌هێزترین هۆكاره‌كانی روخانی كۆماره‌كه پشت به‌ستنی بوو به ولاَتانی دیكه كه دواتر ده‌ستیان لێ هه‌ڵگرت، له‌مباره‌یه‌وه چی ئه‌زمونێك بۆ كوردستان هه‌یه له‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه‌ی دووباره نه‌كرێنه‌وه.؟
عه‌لی قازی محه‌مه‌د : یه‌كێتی سۆڤییه‌ت سیاسیه‌تی خۆی له رۆژهه‌لاَتی كوردستان دابووه ده‌ستی حكومه‌تی ئازه‌ربایجان به سه‌رۆكایه‌تیی (جه‌عفه‌ر باقرۆڤ)، ئه‌وانه پێیانخۆش نه‌بوو ده‌وڵه‌تێكی كوردی دروست ببێت، به‌ڵكو پێیان خۆش‌بوو كوردستان وه‌كو پارچه‌یه‌كی خودموختار له‌نێو حكومه‌تی ئازه‌ربێجاندا كه له ته‌ورێز دامه‌زرابوو، بێت. به‌لاَم پێشه‌وا قازی موحه‌مه‌د نه‌چوه ژێر فشاره‌کانی سۆڤیه‌ت و هات و كۆماری كوردستانی راگه‌یاند. به‌لاَم یه‌كێتی سۆڤییه‌ت خیانه‌تی كرد له كۆماره‌كه، خیانه‌ته‌كه‌ی ئه‌وبوو كه خوشكی شای ئێران كه ناوی (ئه‌شره‌فی په‌هله‌وی)بوو، كه ژنێكی زۆر سیاسه‌ته‌مه‌داربوو چووه یه‌كێتی سۆڤییه‌ت و به ستالینی گوتبوو كه ئه‌گه‌ر ده‌ست له پشتیوانیكردن له كۆماری كوردستان و ئازه‌ربایجان هه‌ڵبگریت ئه‌وا ئه‌وان نه‌وتی باكوری ئێرانی له ده‌ریای قه‌زوینی ده‌ده‌نێ، پاشان ستالین ئه‌وه‌ی قبوڵكرد، پاشان (قه‌وام سه‌ڵته‌نه) كه ئه‌وێ كات سه‌رۆكوه‌زیرانی ئێران بوو چووه مۆسكۆ و له‌گه‌ڵ یه‌كێتی سۆڤییه‌ت په‌یماننامه‌یه‌كی مۆركرد به‌وه‌ی نه‌وتی باكوری ئێران بدرێته یه‌كێتی سۆڤییه‌ت، ئیدی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت به ئێمه‌ی گوت كه ئیدی چاره‌یه‌كی خۆمان بكه‌ین له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند، ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند هات و له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئازه‌ربایجان په‌یمانێكی مۆركرد كه گوتیان ده‌بێ كوردستان خودموختاری بێت له ئازه‌ربێجان، پیشه‌وا ئه‌مه‌ی قبوڵ نه‌كرد، پێشه‌وا چووه ئێران و له نێو ده‌ستوری ئێران‌دا شتێك هه‌بوو به‌ناوی (ئه‌نجومه‌نی ئه‌یاله‌تی و ویلایه‌تی) كه مافی ده‌دایه ناوچه‌كانی ئێران تاراده‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆبن. به‌لاَم دواتر له مزگه‌وتی عه‌باس ئاغا له ساپلاَغ كه هه‌میشه شوێنێك بوو بۆ كۆبونه‌وه‌ی سیاسه‌تمه‌داره‌كانی كورد پێشه‌وا خه‌ڵكه‌كه‌ی كۆكرده‌وه و پرسی پێكردن كه ئایا شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی ئێران بكه‌ن یان ئه‌و رێككه‌وتننه‌ی كردوومان جێبه‌جێی بكه‌ین، خه‌ڵكه‌كه به كۆ گوتیان شه‌ڕمان ناوێ و ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كردووتانه با جێبه‌جێ ببێت. ئیدی پێشه‌وا رێگه‌ی دا سوپای ئێران بێته ئه‌و ناوچه‌یه كه چه‌ند عه‌شیره‌تێكی كوردیشیان له‌گه‌ڵ بوو و ده‌یانویست بێن مه‌هاباد تالاَن بكه‌ن، به‌لاَم پێشه‌وا رێگه‌ی نه‌دا ئه‌وان بێن، هاتنی سوپا بۆ ناوچه‌كه ئه‌وبوو هه‌ڵبژاردن بێت، به‌لاَم درۆیان له‌گه‌ڵ كۆمار كرد، تۆ ناتوانی وه‌زعی ئێستای كوردستان و ئه‌و كاتی كوردستان وه‌كو یه‌ك ته‌ماشا بكه‌یت، له‌و(63) ساڵه دنیا زۆر گۆڕاوه. به‌ڵام به له به‌ر چاو گرتنی ئه‌و ئه‌زمونه ده‌توانم بڵێم که کورد له به‌ر باری جیۆپۆلیتیکی،ناچاره بۆ رزگاری خۆی دۆست و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بگرێت و له‌و ماوه‌یه‌دا که ئه‌و دۆسته‌ی بۆ هه‌ڵده‌که‌وێ،به خێرایی خۆی رێکبخات و خۆی بکاته ئه‌مری واقع،مه‌بادا هه‌لومه‌رجه‌که بگۆردرێ.به‌لام دیاره ئه‌وه به مانای ئه‌وه نییه کورد خۆی به هیچ که‌س بسپێرێت.
رۆژنامه: كورد پێش (63) ساڵ به‌ر له ئێستا یه‌كه‌مین كۆماری خۆی دامه‌زراند، پیشبینی ده‌كه‌یت له ماوه‌یه‌كی نزیكدا بتوانێت كۆمارێكی دیكه دابمه‌زرێنێته‌وه.؟
عه‌لی قازی محه‌مه‌د : من گه‌شبینم به‌وه‌ی پێش ئه‌وه‌ی بمرم ئازادی كوردستان ده‌بینم و دامه‌زراندنی كۆمارێكی دیكه ده‌بینم، وای ده‌بینم به‌شداریی جه‌ژنی ئه‌و دامه‌زراندنه ده‌كه‌م.
رۆژنامه: كه‌وابوو ئێوه سه‌ربه‌خۆیتان پێ باشه، یان فیدڕاڵییه‌تی هه‌ر پارچه‌یه‌ك له‌نێو ئه‌و ولاَته‌ی پێوه‌ی لكێنراوه.؟
عه‌لی قازی محه‌مه‌د : من لایه‌نگری سه‌ربه‌خۆیی كوردستان‌م، هی هه‌رچوار پارچه به‌ڵام تا گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی ره‌نگه رێگا و مه‌ودایه‌ک هه‌بێت که کورد ناچار بێت یان پێویست بێ بیبڕێت. فیدرالی یه‌ک له‌و رێگا و مه‌ودایانه‌یه. ده‌نا فیدڕالی له نێو ولاتانی له جۆری ئیران و عێراق و سوریادا که به ئیستیبداد راهاتوون زۆر به زه‌حمه‌ت ده‌زانم. من له‌سه‌ر ئه‌وه باوه‌ره‌م که کورد ده‌بێ فیدرالیه‌تی ته‌نیا وه‌ک قوناخێک بۆ گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی له به‌ر چاو بێت. کولتوری نه‌ته‌وه باڵاده‌سته‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه ئه‌وه هه‌ڵناگرن که به ئاشتی و یه‌کسانی له گه‌ڵ کورد دا تا سه‌ر بژین.
رۆژنامه: خیانه‌ت له كورددا هه‌میشه زیانی قوڵ و برینی به‌سۆی هه‌بووه، له ئێستادا وێڕای ئه‌وه ئینشیقاق و په‌رته‌وازه‌بوونیش حزب و لایه‌نه كوردییه‌كان به‌تایبه‌ت رۆژهه‌لاَتییه‌كانی ته‌نیوه، ئه‌مه تاچه‌نده كاریگه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد.؟
عه‌لی قازی محه‌مه‌د : بێگه‌ومان هه‌ردوو مه‌سه‌له‌كه كاریگه‌ریی خراپیان له‌سه‌ر كوردستان ده‌بێت، به‌داخه‌وه ئێمه له جیاتی ئه‌وه‌ی یه‌كبگرین و به‌ره‌یه‌كی كوردستانی له‌حزبه‌كانی رۆژهه‌لاَتی كوردستان پێكبهێنین، ده‌یبینیین ئه‌و حزبانه‌ی رۆژهه‌لاَتی كوردستان پارچه پارچه ده‌بن، پارچه‌پارچه‌بوونه‌كه‌ش له رووی ئایدۆلیۆژییه‌وه نییه، كه بڵێی مه‌سه‌له‌كه فیكرییه، به‌ڵكوئه‌و جیابونه‌وانه زیاتر به‌هۆی به‌ره‌ژه‌وه‌ندی شه‌خسی و ده‌سه‌لاَته‌وه‌یه، له ئێستادا هیچ جیاوازییه‌ك له‌نێوان حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و حزبی دیموكراتی كوردستان له‌رووی ئایدۆلۆژییه‌وه نییه، یان ئه‌و كۆمه‌لاَنه‌ی كه له كۆمه‌ڵه جیابوونه‌وه جگه له حزبی كۆمۆنیستی ئێران هیچ جیاوزاییه‌كیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر نییه رووی ئایدۆلۆژییه، بۆیه زۆر جێی داخه مه‌سه‌له‌ی خیانه‌ت و مه‌سه‌له‌ی ئینشیقاق بوون به‌هۆی ئه‌وه‌ی كورد به ئاواتی خۆی نه‌گات، ئه‌گه‌ر میله‌تی كورد یه‌ك و یه‌كگرتووبین ده‌توانین كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆی ئازاد له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان پێكبهێنین.
رۆژنامه: ئه‌و ململانێی و ئینشیقاقانه‌ی به‌هۆی كورسی وده‌سه‌لاَته‌وه هه‌ن وه‌ك ئاماژه‌تان بۆ كرد حزبه‌كانی رۆژهه‌لاَتی له جه‌ماوه‌ر دانه‌بڕاندووه.؟
عه‌لی قازی محه‌مه‌د : خه‌ڵك زۆر زۆر به‌و مه‌سه‌له‌یه ناڕه‌حه‌ته و نیگه‌رانن له‌و پارچه‌پارچه‌بوونه‌ی حزبه‌كانی رۆژهه‌لاَت، ئه‌وه‌ش بووه‌ته مایه‌ی نا ئومێدیی خه‌ڵكه‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر بێت و كورده‌كان به‌ره‌یه‌كی كوردستانیان پێكهێنابا زۆر باشتر بوو، ئه‌گه‌رچی پێكهێنانی ئه‌و به‌ره‌یه له حاڵی حازردا زۆر زه‌حمه‌ته، چونكه حزبه‌كان شه‌رت و شروتی وا بۆ یه‌كتر داده‌نێین كه هیچ لایه‌ك قبوڵی ناكه‌ن، ئێمه وه‌كو پارتی ئازادیی كوردستان زۆر هه‌وڵمانداوه به‌ره‌یه‌كی كوردستانی پێكبهێنین، من بۆخۆم پێش ئه‌وه‌ی حزبی دیموكرات ببێت به دوو پارچه‌وه چومه كۆیه و براده‌رانم گوت كه ئایا رازین به‌وه‌ی به‌لانی كه‌م هیچ نه‌بێت دیالۆگ و گفتوگۆیه‌ك له‌مباره‌یه‌وه بكه‌ین، هه‌مووان رازی بوون له‌راستیدا، به‌لاَم له‌و كاتانه‌دا حزبی دیموكرات بوو به دوو پارچه‌وه، مه‌سه‌له‌ی بوونی كۆمه‌ڵه به دوو پارچه له ئارادابوو، ئیدی نه‌ماتوانی ئه‌و به‌ره‌یه پێكبهێنین، ئێستاش هه‌وڵ بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌ده‌ین.
رۆژنامه: پێت وا نییه گه‌ڕانه‌وه‌ی حزبه‌كانی رۆژهه‌لاَتی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا ببێته هۆی شه‌ڕی ناوخۆ، واته ئه‌زمونی باشور دووباره ببێته‌وه.؟
عه‌لی قازی محه‌مه‌د : به‌ره‌وه‌لاَ له‌و باوه‌ڕه‌م ئه‌گه‌ر زروفێك دروست ببێت و به‌م جۆره بگه‌ڕێینه‌وه بۆ رۆژهه‌لاَتی كوردستان، بێ گومان توشی شه‌ڕی براكوژی ده‌بین، ئه‌مه‌ش له رابردوودا له حزبه‌كانی باشوردا هه‌بوو، ئێمه ده‌بێت په‌ند وه‌ربگرین له باشوری كوردستان، كه شه‌ری براکوژی زیانێكی زۆری به كورد گه‌یاند، مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك ئێستا وای لێهاتووه له ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕه‌وه بووه، ده‌بێ له كه‌ركوك سیاسه‌تی هاوبه‌شمان هه‌بێت، به‌لاَم ئێمه هه‌ر ویستمان هه‌یه‌ك و خۆمان به‌سه‌ر كه‌ركوك زاڵ ببین و چاره‌نوسی شاره‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه هه‌بێت، ئێستاش چه‌ندین مه‌سه‌له له‌نێو یه‌كێتی و پارتی چاره‌سه‌رنه‌بووه، له‌سه‌ره‌وه ره‌نگه هاوكارییه‌ك هه‌بێت و كاركردنی هاوبه‌ش هه‌بێت، به‌لاَم سێ وه‌زاره‌ت هێشتا یه‌كیاننه‌گرتووه‌ته‌وه، ئاوا‌ره‌كان هێشتا كێشه‌یان هه‌یه و نه‌یانتوانیوه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ جێگه‌ی خۆیان، ده‌بێ ئێمه كارێكی وا نه‌كه‌ین كه ئه‌گه‌ر گه‌ڕاینه‌وه بۆ رۆژهه‌لاَتی كوردستان توشی شه‌ڕی براكوژی ببین.
رۆژنامه: پێت وا نییه ئه‌و یه‌كگرتنه ته‌نها بۆ رازیكردنی ده‌ره‌وه‌یه كه چاوی له هه‌رێمه، ئایا ئه‌و یه‌كگرتنه راسته‌قینه‌یه.؟
عه‌لی قازی محه‌مه‌د : ئه‌و یه‌كگرتنه راسته له‌سه‌ره‌وه له مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی و پارتی و كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌و دووحزبه یه‌كگرتنه‌كه هه‌یه، به‌لاَم له ئاسته‌كانی خواره‌وه هێشتا یه‌كگرتن نییه. له‌و باوه‌ڕه‌دا نییم که بۆ ده‌ره‌وه بێت،به‌ڵام هێشتا به‌وجۆره نییه که کورد پێویستی پێی هه‌یه.
رۆژنامه: په‌یوه‌ندیی ئێوه وه‌كو حزبێكی سیاسیی رۆژهه‌لاَتی كوردستان به یه‌كێتی و پارتی چۆنه.؟
عه‌لی قازی محه‌مه‌د : ئێستا ئێمه باره‌گامان له هه‌ولێر و سلێمانیش هه‌یه و په‌یوه‌ندیی باشمان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو حزبه‌كه هه‌یه.
رۆژنامه: ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان كورد و ئه‌مریكا هه‌یه ده‌كرێت ناوی هاوپه‌یمانێتیی لێ بنێین، ئایا ئه‌مریكا به‌ڕاستی دۆستی كورده.؟
عه‌لی قازی محه‌مه‌د : ئه‌مریكا به‌راستی هاوپه‌یمانی كورده، ئێمه پێكه‌وه شه‌ڕمان له دژی ده‌وڵه‌تی به‌عسی عێراق كرد، پێشمه‌رگه شان به‌شانی سه‌ربازانی ئه‌مریكی چوونه نێو شاره‌كانه‌وه، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای رابردوو بكه‌ین پاش جه‌نگی كه‌نداوی یه‌كه‌م بكه‌ین كه خه‌ڵك به ملیۆنه‌ها خه‌ڵك ئاواره‌ی ولاَته‌كان بوون ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا ناوچه‌یه‌كی ئاسایشی بۆ ئێمه دروستكرد و نه‌یده‌هێشت سوپای عێراق بێنه كوردستانێ، ئه‌مریكا دۆستی كورده، گۆڕینێكی زۆر گه‌وره‌ش له سیاسه‌تی ئۆباما به‌رامبه‌ر به كورد ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوستایه‌تی سیاسی و هاوپه‌یمانی وه‌ک دڵداری چاو لێبکه‌ین ئه‌وه هه‌ڵه‌یه،دۆستایه‌تی و هاوپه‌یمانی سیاسی له سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌نییه‌کانه و تا کاتێ ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه له ئارادا بن ئه‌و دۆستایه‌تیه ده‌مێنێ. به‌ڵام دۆستایه‌تی و هاوپه‌یمانیش مانای ئه‌وه نییه که هه‌ر چی ویستت بۆت بکرێت. کورد ده‌یتوانی زۆر باشتر که‌ڵک له‌و دۆستایه‌تی و هاوپه‌یمانیه وه‌ربگرێت له کاتی خۆیدا.
رۆژنامه: به‌لاَم به‌شێك له چاودێرانی سیاسی و سیاسه‌تمه‌دران پێیان وایه ئه‌مریكا به‌رپه‌رستی گه‌ڕانه‌ویه كه‌ركوك بۆ سه‌ر كوردستان و جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140)، ئایا هیچ ئومێدێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك بۆ سه‌ر هه‌رێم هه‌یه.؟
عه‌لی قازی محه‌مه‌د : ئێمه ده‌ڵێین ده‌وڵه‌تی عێراق هه‌وڵ ده‌دات ببێته ده‌وڵه‌تی دیموكراسی، ئه‌گه‌ر بێت و له كه‌ركوك هه‌ڵبژاردنێك دروست ببێت، بێگومان كورده‌كان ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ده‌به‌نه‌وه، كورده‌كانیش پێیانخۆشه كه‌ركوك و خانه‌قینیش ببێته به‌شێك له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ببێت كه‌ركوك ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌رێم، حكومه‌تی عێراق به‌هه‌موو هێزێكی خۆیه‌وه هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و زه‌مینه‌سازییه نه‌ڕه‌خسێت و ئه‌و شته نه‌بێت، هه‌وڵ ده‌دات كوردستان سنور داربكات و سوپای خۆی بێنێته ئه‌و ناوچانه‌ی كورد داوایان ده‌كات، من هیچ گومانێكم نییه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك بۆسه‌ر كوردستان.
رۆژنامه: ئه‌مریكا نیازی روخانی حكومه‌تی ئێران ده‌دات، ئایا ئه‌مریكا هیچ پرس و راوێژێك به حزبه ئۆپۆزسیۆنه كوردییه‌كانی رۆژهه‌لاَتی كوردستان ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی له عێراق كردی.؟
عه‌لی قازی محه‌مه‌د : تا ئێمه‌ی حزبه‌كانی رۆژهه‌لاَت نه‌بینه به‌ره‌یه‌كی كوردستانی ئه‌مریكا نایه‌ت له‌گه‌ڵ ئێمه هاوپه‌یمانی بكات و پرسیشمان پێ ناكات، ئه‌مریكا نایه‌ت یه‌ك یه‌ك له‌گه‌ڵ حزبه‌كان قسه بكات، ئه‌و ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ به‌ره قسه‌بكات، په‌یوه‌ندییشمان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا هه‌یه و زۆربه‌ی حزبه‌كانی رۆژهه‌لاَتی كوردستان په‌یوه‌ندییان هه‌یه، به‌لاَم نه‌گه‌یشتووه‌ته هاوپه‌یمانی، ئه‌گه‌ر به‌ره‌یه‌ك پێكبهێنن ده‌توانین ببینه هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا، تا به‌ره‌كه دروست نه‌كه‌ین ئه‌مریكا متمانه به حزبه‌كانی رۆژهه‌لاَت ناكات له‌وه‌ی كاراكته‌ری به‌هێزبن له روخانی ده‌وڵه‌تی ئێران.
رۆژنامه: ئایا له كوردستان حزبی ئۆپۆزسیۆن هه‌یه.؟
عه‌لی قازی محه‌مه‌د : له هه‌رێمی كوردستاندا حزبێك به نێوی ئۆپۆزسیۆن هه‌بێت نابینم، بوونی ئۆپۆزسیۆن بۆ ده‌وڵه‌تی دیموكراسی باشه و ئۆپۆزسیۆنی به‌هێز بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تی زۆر به‌رژوه‌ندییه، ئۆپۆزسیۆن كه‌موكورتییه‌كان ده‌خاته‌روو، ئه‌و حزبانه ناتوانن بڵێن ئۆپۆزسیۆنن له كاتێكدا له حكومه‌تدا هه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و حزبانه له حكومه‌ت وازیان هێنا ده‌توانن ببنه ئۆپۆزسیۆن.
رۆژنامه: ئێوه وه‌كو حزبه رۆژهه‌لاَتییان چیتان كردووه له به‌رژوه‌ندیی رۆژهه‌لاَتی كوردستان.؟
عه‌لی قازی محه‌مه‌د : ئێمه داموده‌زگاکانی سه‌رکردایه‌تیمان له باشوری کوردستانه به‌ڵام ئه‌ندام و جه‌ماوه‌ره‌که‌مان له ناو خۆی رۆژهه‌ڵاته و به هه‌موو شێووه‌کانی مومکین له خه‌بات دان. بۆ نموونه له‌م دووی رێبه‌ندانه‌دا له سه‌دان شوێن هه‌ر له ئیلامه‌وه بگره تا ناچه‌ی ورمێ،له شوێنی جۆراوجۆر هه‌ڵکراوه که ئه‌مه وره‌ی خه‌ڵکه‌که به‌رز ده‌کاته‌وه.یانئه‌وانه‌ی ئه‌ندمانی ئێمه تیرۆر ده‌که‌ن به سزایان ده‌گه‌ینین. به‌لام ئێمه كه له باشوری كوردستانداین، ئه‌م ئه‌زمونه‌ی ئێره بۆ به‌ژروه‌ندیی هه‌موانه و سه‌ركه‌وتنێكه بۆ هه‌مو پارچه‌كانی دیكه، ئێمه وه‌كو حزبه‌كانی رۆژهه‌لاَتی نامانه‌وێ هیچ كێشه و گرفتێك بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دروست بكه‌ین، ئێمه له نێو رۆژهه‌لاَتدا خه‌بات ده‌كه‌ین، به‌لاَم نامانه‌وێ لێره‌وه خه‌باتی چه‌كداری له دژی ئێران بكه‌ین، چونكه نامانه‌وێ كێشه بۆ هه‌رێم بنێینه‌وه.
رۆژنامه: كه‌واته ئێوه له‌گه‌ڵ كاره‌كانی په‌كه‌كه نین له‌وه‌ی له هه‌رێمه‌وه هێرش بكه‌نه سه‌ر توركیا.؟
عه‌لی قازی محه‌مه‌د: به‌رای من بۆ په‌كه‌كه باشتره له باكوری كوردستانه‌وه شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی توركیا بكات، چونكه ترکیا ئه‌وه ده‌کاته بیانوو هه‌م فشار ده‌خاته سه‌ر حکومه‌تی هه‌رێم و هه‌م خه‌ڵكی هه‌ژار ئاواره‌ده‌بێت و له به‌ر تۆپبارانكردن ده‌مێنێته‌وه.هه‌روه‌ها کێشه نێوان ناخۆشی له نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و پ.کا.کای لێ ده‌که‌وێته‌وه که ئه‌وه‌ش به قازانجی کورد نییه.
رۆژنامه: بۆچی تاوه‌كو ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵوێستێكی ئه‌وتۆی له تۆپبارانكردنی سنوره‌كانی له‌لایه‌ن هه‌ردوو ولاَتی ئێران و توركیاوه نییه.؟
حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وانه‌ی ئیدانه‌ی كردووه، به‌لاَم ئه‌و ئیمكاناته‌ی نییه پێشی ئه‌وانه بگرێت، چونكه فرۆكه‌كانی توركیا دێنه هه‌رێم و ئێرانیش له نێو ئێرانه‌وه تۆپباران ده‌كات و نایه‌ته نێو كوردستانه‌وه، حكومه‌تی كوردستان كونسوڵگه‌ریی ئێرانیشیان ئاگاداركردووه‌ته‌وه له‌و هێرشانه وه‌ك من بزانن، ئه‌وانیش خۆیان به ده‌وڵه‌تی به‌هێز و گه‌وره ده‌زانن، جوابی حكومه‌تی هه‌رێم ناده‌نه‌وه.
رۆژنامه: كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق چۆن ده‌بینی.؟
كێشه‌كان هه‌م ده‌ستوری و هه‌م سیاسین، بڕیاربوو مالیكی بێته كوردستان، به‌لاَم ئه‌و سه‌ردانه‌كه‌ی دواخست، ئه‌گه‌ر مالیكی هێزی سه‌دامی هه‌بایه زۆر زۆر له سه‌دام خراپتر ره‌فتاری ده‌كرد، به‌لاَم له‌خوا به‌زیادبێت ئه‌و هێزه‌ی نییه و ئه‌وه‌نده‌ی زاڵ نییه به‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقیدا بۆ ئه‌وه‌ی بیكات. به‌ڵام من پێموایه که ده‌بێ کورد فریا بکه‌وێ و بزانێ که لایه‌نی شۆڤینی عه‌ره‌بی عێراق پلانی که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و سه‌ڵاحیه‌ته‌کانی هه‌رێمی کوردستانی هه‌یه و وا خۆی گرد و کۆ بکات که ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سه‌ڵاحیه‌تی ده‌ستووری خۆی بپارێزێ. هه‌ر چه‌ند من بۆ سه‌ره‌نجام و دوارۆژ له ژیانی کورد له گه‌ڵ هیچکام له نه‌ته‌وه‌کانی عيره‌ب و فارس و ترک، گه‌ش بین نییم و پێموایه ته‌نیا رێگای یه‌کجاریی جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆییه له‌وان.
رۆژنامه: پێت وایه له ئێستادا كه‌سێك له نێو حزبه‌كانی رۆژهه‌لاَت هه‌بێت جیگره‌وه‌ی پێشه‌وا قازی موحه‌مه‌دبێت.؟
سه‌د ده‌ر سه‌د شتی وانییه، ئه‌مرۆ كه‌س نییه بتوانێ وه‌كو پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د میله‌ته‌كه‌ی به‌دوای خۆی بخات..